|
هه‌واڵ
چه‌ند لاوه به جۆرێك له جۆره‌كان فشار له‌سه‌ر نوێنه‌ران و ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران به‌گشتی و سه‌رۆكایه‌تی ئه‌نجومه‌نه‌كه هه‌یه
حاكم ئه‌حمه‌د ئه‌نوه‌ر رایگه‌یاند، له ئێستادا له چه‌ند لاوه به جۆرێك له جۆره‌كان فشار له‌سه‌ر نوێنه‌ران و ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران به‌گشتی و سه‌رۆكایه‌تی ئه‌نجومه‌نه‌كه هه‌یه به مه‌به‌ستی به‌رته‌سك كردنه‌وه‌ی رۆڵی چاودێریكردنی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران". گوتیشی " جێگری یه‌كه‌می سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراقی فیدراڵ خالد عه‌تییه پێشنیازێكی خسته‌رِوو بۆ ئه‌وه‌ی لێپرسینه‌وه له وه‌زیره‌كانی حكومه‌تی سه‌رۆك وه‌زیران نوری مالكی به سێ قۆناغدا تێپه‌رِێت و راسته‌وخۆ وه‌زیره‌كان بانگ نه‌كرێنه ئه‌نجومه‌ن بۆ لێپرسینه‌وه". له باره‌ی ئه‌و سێ قۆناغه پێشنیازكراوه‌شه‌وه گوتی " یه‌كه‌میان پرسیاره‌كان ئاراسته‌ی وه‌زاره‌ت بكرێن و دوه‌میش میوانداری وه‌زیر بكرێت و له قۆناغی سێیه‌مدا ئینجا ده‌ست بكرێت به لێپرسینه‌وه‌ی وه‌زیر". له باره‌ی كاردانه‌وه‌ی كوتله‌كان له‌مه‌رِ ئه‌و پێشنیازه حاكم ئه‌حمه‌د گوتی " ئه‌و پێشنیازه ده‌ستووری و یاسایی نیه و له په‌یرِه‌وی ناوخۆشدا وه‌ها پێشنیازێك نه‌خراوه‌ته‌رِوو و پاشانیش ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران یه‌كێك له ئه‌ركه‌كانی لێپرسینه‌وه و چاودێریكردنی حكومه‌ت و كاروباره‌كانی حكومه‌ته". ئه‌و نوێنه‌ره‌ی كورد له ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران باسی له‌وه‌ش كرد، كه له ئێستادا زۆرینه‌ی نوێنه‌ران سوورن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی كه ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران رۆڵی خۆی له چاودێریكردنی كاره‌كانی حكومه‌ت و لێپرسینه‌وه له وه‌زیره‌كان ببینێت هه‌رچه‌نده فشار له‌سه‌ر نوێنه‌ران هه‌یه بۆ ئه‌وه‌ی ده‌ستبه‌رداری ئه‌و رۆڵه ببن. ئاماژه‌شی بۆ ئه‌وه‌كرد، "سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران ئه‌یاد سامه‌رِائی و ئه‌ندامانی به‌ره‌ی ته‌وافق ئێستا له‌سه‌ر ئه‌و رایه‌ن كه كاره‌كان وردتر به‌رِێوه بچن و به‌ڵگه‌ی زیاتر كۆبكرێته‌وه له‌سه‌ر گه‌نده‌ڵی وه‌زیره‌كان و په‌له نه‌كرێت و به شێنه‌یی درێژه به رۆڵی ئه‌نجومه‌ن له چاودێریكردن و لێپرسینه‌وه‌ی حكومه‌ت بدرێت". هه‌روه‌ها گوتی "وه‌ك ده‌زانیین له لایه‌ن حكومه‌ته‌وه فشار دروست ده‌كرێت له‌سه‌ر به‌ره‌ی ته‌وافق و ئه‌و لایه‌نه‌ی كه پشتیوانی له سامه‌رِائی كردووه و و له‌و چوارچێوه‌یه‌شدا حكومه‌تی نوری مالكی داوای لێپرسینه‌وه له هه‌ندێك نوێنه‌ری به‌ره‌ی ته‌وافقی سوننه ده‌كات و تۆمه‌تی به‌شداریكردن له كرده‌وه‌ی تیرۆریستی و گه‌نده‌ڵیان ده‌دات پاڵً ئه‌وه‌ش خۆی له خۆیدا جۆرێكه له فشار دروستكردن".
|