رۆژ سێشه‌ممه‌ی رابردو كۆبونه‌وه‌یه‌كی گرنگ له نێوان نوێنه‌رانی حكومه‌تی به‌غدا و حومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به سه‌رپه‌رشتی ده‌سته‌ی نه‌ته‌وه یه‌كگرتوه‌كان له عێراق (یونامی) به‌ڕێوه‌چو له پێناو چاره‌سه‌ركردنی كێشه هه‌ڵپه‌سێردراوه‌كانی نێوان هه‌ردولا و پێشبینی ده‌كرێت له داهاتویه‌كی نزیكدا هه‌ریه‌ك له نوری مالیكی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق و مه‌سعود بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان له‌باره‌ی چاره‌سه‌ركردنی ناكۆكییه‌كانه‌وه كۆببنه‌وه.
مه‌حمود عوسمان ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق له‌سه‌ر لیستی هاوپه‌یمانی كوردستان به رۆژنامه‌ی (سه‌باح)ی راگه‌یاند: له رۆژانی داهاتودا كۆبونه‌وه و گفتوگۆی زیاتر له نێوان به‌رپرسانی هه‌ردو حكومه‌تی هه‌ولێر و به‌غدا ئه‌نجام ده‌درێت بۆ چاوخشاندنه‌وه به ناكۆكییه‌كان و چۆنێتی چاره‌سه‌ركردنیان و هه‌روه‌ها پته‌وكردنه متمانه له نێوان هه‌ردولادا، به تایبه‌تی له باره‌ی مه‌سه‌له‌ی نه‌وت و ماده‌ی 140 و دۆسیه هه‌ڵپه‌سێردراوه‌كان دیكه.
پێشتریش جه‌لال تاڵه‌بانی سه‌رۆك كۆماری عێراق له‌لێدوانێكی رۆژنامه‌وانیدا ره‌تیكرده‌وه كه هیچ قه‌یرانێكی سیاسی هه‌بێت له نێوان حكومه‌تی به‌غدا و هه‌ولێر و ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد كه ئه‌و ناكۆكییانه‌ی له ئێستادا هه‌ن قابیلی چاره‌سه‌ركردنن، چونكه هه‌ردولا پابه‌ندن به ده‌ستور له جێبه‌جێكردنی ناكۆكییه‌كاندا.
مه‌حمود عوسمان وتیشی: به‌رده‌وام بونی سه‌ردان و دیدار و گفتوگۆكانی وه‌فدی حیزبی ده‌عوه بۆ هه‌رێمی كوردستان و به‌هه‌مان شێوه سه‌ردانی به‌رپرسانی هه‌رێم بۆ به‌غدا ده‌چێته چوارچێوه‌ی هه‌وڵه‌كانی رێكخستنی كۆبونه‌وه‌یه‌ك له‌سه‌ر ئاستی باڵا به‌م نزیكانه له نێوان نوری مالیكی و مه‌سعود بارزانی.















